هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

عێراق قەرەبوی خێزانی قوربانیانی هێرشەکەی کەڕادە دەکاتەوە

خالید ئەلتائی

خۆبەخشان زیانەکانی هێرشێکی خۆکوژی چاکدەکەنەوە کە لە 3 تەمموزدا بازاڕێکی قەرەباڵغی لە گەڕەکی کەڕادە لە بەغدا کردە ئامانج. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی شاری بەغدا]

خۆبەخشان زیانەکانی هێرشێکی خۆکوژی چاکدەکەنەوە کە لە 3 تەمموزدا بازاڕێکی قەرەباڵغی لە گەڕەکی کەڕادە لە بەغدا کردە ئامانج. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی شاری بەغدا]

لیژنەیەکی حکومەتی عێراقی ئەرکی ئەوەی پێدراوە قەرەبوی خێزانی کوژراو و بریندارەکانی ئەو تەقینەوە خۆکوژیەی 3 تەمموز بکاتەوە لە گەڕەکی کەڕادەی بەغدا کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ەوە بەرپرسیارێتیی راگەیەندرا.

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند کە 292 کەس لە تەقینەوەکەدا کوژران و نزیکەی 200 کەسی تریش برینداربوون.

جێگری پارێزگاری بەغدا، جاسم بەخاتی، بە دیارونای وت: "خێزانی هەر شەهیدێك بڕی پێنج ملیۆن دینار (3,800 دۆلار) وەردەگرێت و موچەیەکی مانگانەی خانەنشینی بۆ دەبڕێتەوە و پارچە زەوییەک یان شوقەیەك وەردەگرێت."

بەخاتی وتی بریندارەکان بەپێی رادەی برینداربوونیان پارە وەردەگرن و خانەنشینی و خزمەتگوزاریی تەندروسی و کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.

وتیشی لیژنەیەکی تر رادەی زیانە ماددیەکانی تەقینەوەکە هەڵدەسەنگێنێت و راپۆرتێك دەداتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەخشینی قەرەبوەکان.

چاوپێخشانەوە بە رێوشوێنە ئەمنیەکاندا

بەخاتی وتی: "لەوکاتەوەی تاوانەکە ئەنجامدراوە، ناوچەکە لەژێر چاودێریەکی چڕدایە و حکومەت بڕیاریداوە چاو بە رێوشوێنە ئەمنیەکاندا بخشێنێتەوە."

وتی: "چەندین خاڵی پشکنین لە دەروازەکان و شەقامەکانی کەڕادە دانراون و ئامێری پێشکەوتووی پشکنینی تەقەمەنییان بۆ دابینکراوە."

هەروەها وتی 50 سەگی پۆلیسی لەو خاڵی پشکنینانە دانراون و دەوریەی ئاسایش بە شەقام و کۆڵانەکانی گەڕەکەکەدا دەسوڕێتەوە.

وتیشی لەپاش ئەم هێرشە -- کە گەورەترین بوو لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا لە پایتەخت -- حکومەتی ناوخۆیی هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ هاندانی دانیشتوان تا لەگەڵ ئەو دەزگا ئەمنیانەدا هاوکاریبکەن کە ئەرکی پاراستنی ئەوانیان پێسپێردراوە.

بەخاتی وتی ئەم هەڵمەتە کە ئامانجی دانیشتوانی دەوروبەری شارەکەیە، مەبەست لێی رێگرتنە لە هەر هەوڵێك لەلایەن گروپی وەك داعشەوە "بۆ دامەزراندنی پەروەردگا و لانە یان هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەلامەتیی پایتەخت و دانیشتوانەکەی".

یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی کەڕادە، بەها روبەیعی، وتی ئەندامانی ئەنجومەنەکە و ئەندامانی خێزانی هەندێك لە قوربانیەکان و پیاوماقوڵانی گەڕەکەکە لەگەڵ بەرپرسە ئەمنیەکان کۆبوونەتەوە بۆ پێشکەشکردنی چەندین پێشنیار بۆ پاراستنی ئاسایش.

لەوانەش بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێی پشکنینی تەقەمەنی و یەکەکانی سەگی پۆلیسی بۆ پتەوکردنی هەوڵەکانی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و کۆنترۆڵکردنی هاتنەژوورەوە و چوونەدرەوە لە ناوچەکە بێئەوەی کاریگەریی هەبێت بۆسەر دانیشتوان و چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان.

روبەیعی وتی: "حکومەت و دەسەڵاتە ئەمنیەکان وەڵامی ئەم پێشنیارانەیان داوەتەوە." هەروەها داوای کرد کە کامێرای چاودێریی زیاتر لە ناوچە بازرگانیەکان دابنرێت و ناوەندێکی کۆنترۆڵکردنیش دابمەزرێنرێت بۆ چاودێریکردنیان.

نۆژەنکردنەوەی شوقە و دوکانەکان

روبەیعی وتی پێدەچێت حکومەت نیازی هەبێت "خۆشبێت لەو قەرزانەی لە ئەستۆی قوربانیەکانە، بەتایبەتی خاوەن دوکانەکان، لەلای بانکەکان کە بە ملیاردها دینار دەخەمڵێنرێت و بۆ هاندان و گەشەپێدانی کاسبیەکانیان وەریانگرتبوو".

هەروەها جەختی کرد لەسەر ئەوەی پێویستە پەلەبکرێت لە نۆژەنکردنەوەی بینا زیانپێگەیشتووەکاندا و قەرەبوکردنەوەی قوربانیەکان و بیناکردنەوەی دوکان و شوقەکانیان بۆیان.

وتیشی ئەنجومەنی شارەوانی کەڕادە لە پڕۆسەی ئەوەدایە قوربانیەکانی هێرشەکە تۆماربکات بۆئەوەی دڵنیابێت شەهیدەکان و خێزانەکانیان ئەو قەرەبوانە وەربگرن کە مافیانە.

وتی: "تائێستا زانیاریمان دەربارەی 90 قوربانی تۆمارکردووە کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە ناسراونەتەوە. داواشمان لە خێزانەکانی ئەوانە کردووە کە بێسەروشوێن بوون لە تەقینەوەکەدا تا نمونەی DNA خۆیان بخەنەبەردەست تا بەراورد بکرێت لەگەڵ دەرەنجامی DNA قوربانیەکان کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە تاقیکردنەوەیان بۆکراوە."

لەهەمانکاتدا ئەمانەتی بەغدا دەستیکردووە بە چاکردنەوەی ژێرخانی داڕماوی گەڕەکەکە لە تەقینەوەکەدا، لەوانە بۆری ئاو و ئاوەڕۆ و شۆستەکان، وەك بەڕێوبەری میدیا و پەیوەندیە گشتیەکان، حەکیم عەبدولزەهرە، بە دیارونای وت.

عەبدولزەهرە وتی ئەمانەتەکە سەرپەرشتی هەڵمەتێکی پاکردنەوەی کرد لە جێگای تەقینەوەکە و پشکنینی دەربارەی سەلامەتی کرد تا دڵنیابێت خاڵیە لە هەر تیشکدانەوە یان ماددەیەکی زیانبەخش.

جەختیشی لەوە کرد کە پێویستە خاوەنی بینا و دوکانەکان پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی بن، لەوانە مسۆگەرکردنی بوونی پلیکانە و دەروازەی چوونەدەرەوە و بەلوعە یان بوتڵی ئاگرکوژاندنەوە.

رێوشوێنی رێگرتن لە هێرش لە ئاییندەدا

لافیتەی رەش و شێوازی تری دەربڕینی خەمباری هێشتا لە جێگای تەقینەوەکە دەبینرێت لەسەر شەقامی کەڕادەی شەرقی کە دانیشتوان و خێزانی قوربانیەکان لێی کۆدەبنەوە بۆ پرسەگرتن بۆ مردوەکانیان.

یەکێك لە پیاوماقوڵانی گەڕەکەکە، شێخ عیسا عومران خەفاجی، بە دیارونای وت کە تەقینەوەکەی 3 تەمموز "کارەساتێکی گەورە بوو، بۆیە دەبێت هەموو رێگایەك بگیرێتەبەر بۆ رێگرتن لە دوپاتبوونەوەی هێرشێکی وا ترسناك".

وتی: "تاوانکارانی داعش چەندان خەڵکی بێتاوانیان کوشتوە و هێشتا 181 تەرمی بەخەڵوزبوو لە بەشی پزیشکی دادوەری لەچاوەڕوانیی ناسینەوەدان."

وتیشی: " کارەساتەکە خەمێکی گەورە و برینێکی قوڵی بەجێهێشتووە و دەبێت دەزگا ئەمنی و حکومیەکان تێرۆریستەکان سزابدەن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500