هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

پارێزگای ئەنبار کۆمەکی خێزانە ئاوارەکانی فەلوجە دەکات

خالید ئەلتائی

دوو کارمەندی فریاگوزاری عێراقی یارمەتی نەخۆشێكی ئاوارەی فەلوجە دەدەن. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی بەڕێوبەرێتی تەندروستی ئەنبار]

دوو کارمەندی فریاگوزاری عێراقی یارمەتی نەخۆشێكی ئاوارەی فەلوجە دەدەن. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی بەڕێوبەرێتی تەندروستی ئەنبار]

حکومەتی ناوخۆی ئەنبار هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ یارمەتیدانی هەزاران خێزانی ئاوارەی فەلوجە بەهۆی شەڕەکانی ئازادکردنی شارەکەوە لە دەست"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، بەرپرسانی ناوخۆیی وتیان.

وەك دانیشتوویەکی ئاوارە، رائد عوبەید، 53 ساڵ، بە مەوتنی وت، پێشئەوەی هێزەکانی عێراق بچنەناو شارەکە و بیگرنەوە، خەڵکی فەلوجە دوچاری "نەخۆشی و برسێتی و ترس" بووبوون.

عوبەید وتی: "رۆژانێکی رەشمان تێپەڕاند، بێ دەرمان و خواردن و سەلامەتی. تێرۆریزم مۆتەکەیەکی لەعنەتی بوو، بەڵام لەدەستی رزگارمان بوو."

وتی: "کاتێك لەگەڵ خێزانەکەم گەیشتینە کەمپی عامریەی فەلوجە، هەستم بە تامی سەلامەتی کرد کە لەوکاتەوەی داعش شارەکەمانی داگیرکردبوو، لەدەستمان دابوو."

عوبەید وتی کاتێك گەیشتۆتە کەمپەکە خزمەتگوزاریی تەندروستیی خێرای وەرگرتووە، چونکە یەکجار زۆر شەکەت و ماندوو بووە.

وتی: "تیمەکانی فریاکەوتنی سەرەتایی چارەسەری خێرایان بۆ کردین و ئێستا تەندروستیم بەرەو باشتر دەڕوات. دەخوازین بەزووترین کات بگەڕێینەوە شارەکەمان و بەبێ تێرۆریزم و ترس بژیین."

تیمی فریاگوزاریی گەڕۆك دەخرێتەگەڕ

بەڕێوبەری تەندروستی ئەنبار، دکتۆر شاکر ئەحمەد حاج، بە مەوتنی وت کە بەڕێوبەرێتیەکە تیمێکی چارەسەری قەیرانی دامەزراندووە بۆ چاودێریکردنی ئەو خزمەتگوزاریە تەندروستیانەی پێشکەش بە ئاوارەکانی فەلوجە دەکرێن.

حاج وتی: "تیمی تەندروستی و عەیادەی گەڕۆکمان خستۆتەگەڕ لە کەمپەکانی ناوچەکانی فەلوجە و خالیدیە و حەبانیە و بەبەردەوامی خزمەتگوزاریەکانمان پێشکەش بە دانیشتوانی ئەو کەمپانە دەکەین."

وتیشی: "چارەسەر و خزمەتگوزاریی خێرا پێشکەش بە دانیشتووە ئاوارەکان دەکەین و بریندارەکان و ئەو کەسانەش کە پێویستیان بە فریاگوزاری بەپەلە هەیە دەگوێزینەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیك."

هەروەها وتی بەڕێوبەرێتیەکە توانیوێتی لە ماوەیەکی کورتدا خزمەتگوزاریەکانی لە ناوەندەکانی ئاوارەکاندا زیادبکات کە هەڵمەتی کوتانی خێرای منداڵان و ژنان لەخۆدەگرێت و خزمەتگوزاریەکانی پشکنین و راوێژکاریی تەندروستیش باشتربکات.

حاج وتی بەرنامەی تریش بەهاوکاریی رێکخراوە بیانیەکان سازکراون، لەوانە دابینکردنی خۆراك و ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوازیی پاکژی و لەناوبردنی مێرو.

یاریدەدەری بەڕێوبەری فەرمانگەی کۆچی ئەنبار، ماجد حەمید، بە مەوتنی وت: "لەسەرەتای قەیرانی ئاوارەکانی فەلوجەوە، کۆمەکمان پێشکەشکردووە بە ئاوارەکان."

وتی بەڕێوبەرێتیەکە خواردن و ئاوی خواردنەوە و پێداویستیەکانی ناوماڵی وەك پێخەف و راخەری پێبەخشیوون.

هەزاران پێویستیان بە پشتگیرییە

ماجد حەمید وتی نزیکەی 13,184 خێزانی ئاوارەی فەلوجە پەنایان بردووە بۆ کەمپەکانی بەزبیز و حەبانیە و خالیدیە و کەمپی هەژدە کیلۆ.

هەروەها وتی: "ئەم خێزانانە لەکاتی ئاوارەبووندا بە بارودۆخێکی مرۆیی سەختدا تێپەڕیون. هەوڵدەدەین لە رەنج و ئازارکێشانیان کەمبکەینەوە، بارودۆخیان باشتر بکەین و چاودێرییان بکەین تا دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی نیشتەجێی خۆیان."

حکومەت پێشنیارێکی وەزیری ئاوارە و کۆچ جاسم محەمەدی پەسەندکردووە بۆ دوبارە " دەستکردنەوە بە بەخشینی کۆبۆنی خۆراك بە خێزانە ئاوارەکانی فەلوجە،" بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە لە 29 حوزەیران.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، یەحیا محەمەدی، وتی کە ئەنجومەنەکە "بەهاوکاریی دەزگا حکومییە جیاوازەکان و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان پشتگیری لە پێشکەشکردنی کۆمەك دەکات بە ئاوارەکانی فەلوجە".

محەمەدی بە مەوتنی وت نزیکەی 80,000 کەس لە فەلوجە و ناوچەکانی دەوروبەری ئاوارەبوون و وتیشی سەرباری ئەوەشی بۆیان دابینکراوە، ئەم خەڵکە هێشتا پێویستیان بە کۆمەکی زیاترە.

ئامادەکردنی شارەکە بۆ گەڕاوەکان

محەمەدی وتی وەزارەتی ئاوارە و کۆچ "بەڵێنی پێداوین بەمزوانە نزیکەی 2,000 چادر بۆ کەمپەکانی خالیدیە و حەبانیە دابینبکات".

وتی وەزارەتەکە بەڵێنیشی داوە کۆمەکە مرۆییەکان و پشتگیریی تەندروستی چڕبکاتەوە "تا لەگەڵ قەوارەی قەیرانەکەدا یەکبگرێتەوە".

وتیشی: "خەڵکی فەلوجە دوو ساڵ زیاتر ناڵاندویانە بەدەست گەمارۆی داعشەوە کە لە هەموو لایەنەکانی ژیان بێبەشی کردبوون و ئێستا کە رزگارکراون، دەبێت هەر شتێكمان لەدەست بێت بیکەین بۆ یارمەتیدانیان."

قایمقامی فەلوجە، عیسا سایر، بە مەوتنی وت کە دەبێت ئیدارەی فەلوجە کۆمەکی زیاتر بکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە.

وتی: "نوێژەنکردنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و باشکردنی ئاسایش لە شارەکەدا گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی خێراتر دەکات و کۆتایی بە قەیرانی ئاوارەبوون دەهێنێت کە بارێکی قورسە لەسەرشانی ئاوارەکان و دەوڵەتیش." هەروەها داوای لە حکومەتی عێراقی کرد خزمەتگوزاریەکان بۆ خێزانە ئاوارەکانی فەلوجە بەرفراوانتر بکات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500