هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خێڵەکانی نەینەوا هێزێکی نوێ پێکدەهێنن بۆ شەڕ دژی داعش

خالید ئەلتائی

ئامادەکاریی سەربازی دەستیپێکردوە بۆ ئەو شەڕی بەڕێوەیە بۆ ئازادکردنی موسڵ لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: جەنگاوەرە خێڵەکیەکانی نەینەوا]

ئامادەکاریی سەربازی دەستیپێکردوە بۆ ئەو شەڕی بەڕێوەیە بۆ ئازادکردنی موسڵ لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: جەنگاوەرە خێڵەکیەکانی نەینەوا]

شێرەکانی نەینەوا، کە هێزێکی شەڕکەری نوێیە کە لەلایەن خۆبەخشە عەشایەرەکانەوە دامەزراوە، خۆیان ئامادەدەکەن بۆ دەرپەڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگاکە.

لە کۆتایی ساڵی رابردودا پەرلەمەنتاری عێراقی بۆ پارێزگای نەینەوا، ئەحمەد مەدلول جەربا، داوایەکی پێشکەشکرد بۆ دامەزراندنی هێزێکی خێڵەکی لە نەینەوا.

جەربا بە مەوتنی وت کە لە مانگی نیساندا رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانی بەدەستهێنا بۆ دامەزراندنی ئەم هێزە نوێیە.

وتی: "بەدوای ئەم رەزامەندیەدا بانگی ئەندامانی ئاوارەبووی خێڵەکانی نەینەوامان کرد تا خۆبەخشانە پەیوەندی بکەن بە هێزەکەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بنکەیەکی راهێنانی سەربازیمان بۆ خۆبەخشەکان لە ناوچەی رەبیعە [ لە رۆژئاوای موسڵ] دامەزراند."

هەروەها وتی: "لەماوەی دوو مانگی رابردودا راهێنان بە زیاتر لە 1,000 خۆبەخش کراوە" و ئەم جەنگاوەرانە ئێستا "کرۆکی هێزی عەشایەری شێرەکانی نەینەوا" پێکدەهێنن.

جەربا وتیشی: "هەروەها بەنیازین لە داهاتویەکی نزیکدا راهێنان بکەین بە هەمان ژمارە لە خۆبەخشانی تر بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی هێزەکە تا لە ئاستی قەوارەی ئەرکی ئەو شەڕانەدا بێت کە پێیان دەسپێردرێت."

بەئامانجگرتنی قەڵاکانی داعش لە نەینەوا

جەربا وتی ئەم جەنگاوەرە مەشقپێکراوانە خۆیان ئامادەدەکەن بۆ هێرشبردنە سەر قەڵاکانی داعش لە گوند و شارۆچکەکانی رۆژئاوای نەینەوا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی لە باشوری سنجار و رۆژئاوای تەلەعفەرەوە درێژدەبنەوە تا دەگاتە بەعاج و سنوری سوریا.

وتی: "هێزەکە سەرانسەری ئەو ناوچە جوگرافیە لە تێرۆریستەکان پاکدەکەنەوە و لە سنورەکە دەریاندەپەڕێنن. پاراستنی ناوچەکانی سەر سنوری سوریا دەبێتە یەکێك لە ئەرکە سەرەکیەکانی ئەم هێزە پاش کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن."

جەربا وتی ورەی خۆبەخشەکان بەرزە و بەتەواوی ئامادەن بۆ شەڕکردن دژ بە داعش و سەندنەوەی ناوچەکانیان لەم گروپە.

وتیشی: "خەڵکی ئەم ناوچانە دوو ساڵە دەناڵێنن بەدەست ئابڵوقە و زەبروزۆری داعشەوە و هەروەها شێوازە داپڵۆسێنەرەکانی ئەم گروپە لە پێشێلکردنی مافەکانیاندا و دەسگرتن بەسەر ماڵوموڵکیاندا بە بیانوی جۆراوجۆر."

هەروەها وتی: "ئەمڕۆ هەموو خێڵەکانی نەینەوا لەپاڵ سوپادا وەستاون بۆ لەناوبردنی تێرۆریستەکان لە پارێزگاکەدا."

خێڵەکانی نەینەوا لەپاڵ سوپادا شەڕدەکەن

بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، عەمید فیراس بەشار سەبری، وتی: "هێزەکانی حەشدی عەشایەری لە پارێزگاکەدا زۆر بە کارامانە بەشداریدەکەن لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعش دا."

عەمید فیراس بە مەوتنی وت سێ فەوجی پێکهاتو لە ئەندامانی خێڵەکانی جبور و لەهیب و سەبعاویون لەئێستادا لەپاڵ هێزەکانی سوپادا شەڕدەکەن بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی باشوری موسڵ.

هەروەها وتی: "ئەم جەنگاوەرە ناوخۆییانە خاوەنی حەماسەت و پاڵنەرێکی زۆرن. پشتگیرییەکی پێویستی ئەو یەکە سەربازیانەمان دەکەن کە لە پێشڕەویدان بەرەو موسڵ، وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی 'فەتح' کە لە 25 ئازار دەستیپێکرد."

وتیشی هێزەکانی سوپا بەپاڵپشتی جەنگاوەرە خێڵەکیەکان لە 14 حوزەیران گوندی نەسریان لە باشوری موسڵ گرتەوە و ئاڵای عێراقیان لەسەر بیناکانی هەڵکرد.

وتی ئەم گوندە گرنگیەکی ستراتیژیی هەیە و رزگارکردنی دەسکەوتێکی گەورەیە.

هەروەها وتی: "بەردەوام دەبین لە پێشڕەویکردن بەپێی پلانی سەربازیی باش داڕێژراو کە رەچاوکردنی پاراستنی مەدەنیەکان پێشەنگێکی باڵای هەیە."

بەرەنگاریی داعش رۆژ بە ڕۆژ لە کەمبونەوەدایە

عەمید فیراس وتی: "بەرەنگاریی داعش هەموو رۆژێك کەمبدەبێتەوە."

وتی: "ئەندامەکانی چیتر ناتوانن خۆیان راگرن لەبەردەم پێشڕەویی هێزەکانماندا کە لە ماوەی سێ مانگی رابردودا زیانی گیانیی زیاتر لە 1,300 کەسیان لێداون."

شارەزای بواری ئەمنی و بەرپرسێکی پێشو لە وەزارەتی ناوخۆ، جاسم حەنون، وتی دامەزراندنی هێزی شێرەکانی نەینەوا "جوڵەیەکی ئەرێنیە بۆ زیادکردنی فشار لەسەر داعش."

حەنون بە مەوتنی وت ئەم جوڵەیە گرنگە بۆ پشتگیرکردن لە هەوڵە سەربازیەکان بۆ گرتنەوەی موسڵ و وتیشی رەنگە پێویست بە خۆبەخشی زیاتریش بکات.

هەروەها وتی: "ئەو سەرکەوتنەی لە فەلوجە بەدەستهات سەرکەوتنێکی گەورە بوو بە هەموو پێوەرەکان و دەبێت باش بەکاربهێنرێت بۆ توندکردنەوەی پەتەکە لە ملی تێرۆریستاندا و سنوریان بەڕوودا دابخرێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500