هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

شاری کەرمە پێشوازی لە گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی دەکات

خالید ئەلتائی

سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەردانی کەرمە دەکات پاش رزگارکردنی لە دەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) مانگی رابردوو. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرەکوەزیران]

سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەردانی کەرمە دەکات پاش رزگارکردنی لە دەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) مانگی رابردوو. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرەکوەزیران]

لەوکاتەوەی هێزەکانی عێراق شاری کەرمەیان لە رۆژهەڵاتی ئەنبار رزگارکرد لە دەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە 23 ئایار، ئیدارەی شارەکە کار لەسەر ئەوە دەکات گەڕانەوەی ئاوارەکان مەیسەربکات.

سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی کەرمە، قەیس عەبدوڵڵا جومەیلی، بە مەوتنی وت ئیدارەی کەرمە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رۆژی 1 تەمموزیان داناوە وەك وادەیەك بۆ دەستکردن بە پەسەندکردنی داواکاریەکان بۆ گەڕانەوە.

جومەیلی وتی پێشئەوەی دەستبکرێت بە چاکردنەوەی خزمەتگوزاریەکان، دەبوو زۆربەی شەقام و گەڕەکەکان لە مین و بۆمبی دەستکرد پاکبکرێنەوە.

وتی: "کارمەندانی شارەوانی کەرمە دەستیانکرد بە لابردنی پاشماوەکانی شەڕ و پارچەی تەقەمەنی لە رێگا و کۆڵانەکان بەو تواناییە دیاریکراوەی هەیانبوو، لەکاتێکدا فەرمانگە خزمەتگوزاریەکانیش هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوەیان دەستپێکرد."

هەروەها وتی وا چاوەڕوان دەکرێت تیمێکی تەکنیکی کە چاودێریی چاکردنەوەی وێستگەی ئاوی کەرمە دەکات لەم رۆژانەدا کارەکانی تەواوبکات و "ئاوی خواردنەوە بگاتەوە بە هەموو بەشێکی شارەکە".

وتیشی ئەندازیاران و تەکنیکاران لە "هەوڵی بێوێنەدان" بۆ خستنەوەگەڕی وێستگە و هێڵەکانی دابەشکردنی کارەبا و مەزەنەدەکەن کارەکانیان لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا تەواوبکەن.

جومەیلی وتی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی شارەکە دەستیکردۆتەوە بە کار و هەموو دەزگاکانی تری وەك تەندروستی و قوتابخانە و دادگا و فەرمانگەکانی کاروباری مەدەنی لە خۆئامادەکردندان بۆ کردنەوەی دەرگاکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە گەڕاوەکان.

ئومێدی زۆر بە ئاییندەی شارەکە

جومەیلی وتی: " ئێمە گەشبینین بە گەڕانەوەی خێرای ژیان بۆ حاڵەتی ئاسایی لە شارەکەماندا، بەتایبەتی کە دەزگا و بینا خزمەتگوزاریەکانی زیانی زۆریان پێنەکەوتووە."

قایمقامی کەرمە، ئەحمەد حەلبوسی، بە مەوتنی وت خزمەتگوزاریەکانی کارەبا زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە و بەڕادەیەکی کەمتریش ئاو و کشتوکاڵ و دەزگاکانی شارەوانی.

حەلبوسی وتی ئیدارەی کەرمە تیمێکی ئاوەدانکردنەوە و ئارامکردنەوەی پێکهێناوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروبارەکانی ژیاندنەوەی شارەکە.

وتی: "هیوادارین زۆربەری خزمەتگوزاریە گشتی و سەرەتاییەکان بخەینەوە گەڕ پێش دەستپێکردن بە گەڕانەوەی دانیشتوانی ئاوارەبووی شارەکە."

حەلبوسی وتی پێشئەوەی داعش دوو ساڵ لەمەوبەر دەستبگرێت بەسەر کەرمەدا، ژمارەی دانیشتوانی شارەکە نزیکەی 130,000 کەس بوو. لەگەڵ گەیشتنی داعش، زۆربەیان شارەکەیان بەجێهێشت و ئەو ژمارە کەمەی مابووشەوە، گوێزرانەوە بۆ کەمپی فەجر ئەلکەرمە لەنزیکی شارۆچکەی خەیرات، کاتێك ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان دەستیانپێکرد.

وتی لە خۆئامادەکردندا بۆ گەڕانەوەیان، هێزە سەربازیەکان ناوەندی شارەکەیان لە بۆمبی چێنراو و تەقەمەنیی نەتەقیوە پاکردۆتەوە.

هەروەها وتی نیوەی ئەم کارە لە ناوچە و گوندەکانی دەوروبەری شارەکەش ئەنجامدراوە و بە "خێراییەکی باش" بەڕێوەدەچێت.

ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی دانیشتووان

بەڕێوەبەری شارەوانی کەرمە، عاهد مەحمود، وتی فەرمانبەرانی شارەوانی "چەند لە توانایاندا بێت کاردەکەن بۆ تەواوکردنی پاکردنەوەی هەموو گەڕەك و شەقامەکانی ناوەندی شارەکە".

وتی پاشئەوەی فیرقەی 14 ی سوپای عێراق پاکردنەوە و پوچەڵکردنەوەی بۆمبە چێنراوەکانی ناو ماڵەکانی ناوەندی کەرمەیان تەواوکرد، شارەوانی دەستیکردە کارەکانی خۆی.

وتی دەبوو کارەکانیان بە دەست ئەنجامبدەن چونکە زۆربەی ئامێر و بلدۆزەرەکانی شارەوانیەکە بەدەستی داعش تێکشکێنرابوون یان دزرابوون.

وتیشی: " ئێمە بە سادەترین ئامێر کاردەکەین. پێویستمان بە پشتگیریی زۆرترە بۆئەوەی بتوانین پارچەی تەقەمەنیەکان و پاشماوەکانی شەڕ لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکەمان لابەرین."

هەروەها وتی: "بەڵێنمان لە پارێزگاکە و دەزگا حکومیە جیاوازەکان وەرگرتووە بۆ پشتگیریکردنمان و چاوەڕواندەکەین کۆمەکمان بکەن بۆ خێراترکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە."

وتیشی پێویستە هەڵمەتی کۆمەککردنی گەورە سازبکرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە دانیشتوانی کەرمە لەکاتی گەڕانەوەیاندا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500