هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

خەبەرلێدانی دایکێك لە دیالە هێرشێکی داعش پوچەڵدەکاتەوە

خالید ئەلتائی

لە کۆنفرانسێکدا لە 1 حوزەیران، لە مقدادیە باس لە رۆڵی هاوڵاتیان کرا لە شەڕی دژ بە تێرۆردا. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە]

لە کۆنفرانسێکدا لە 1 حوزەیران، لە مقدادیە باس لە رۆڵی هاوڵاتیان کرا لە شەڕی دژ بە تێرۆردا. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە]

دایکێکی عێراقی زانیاری دا بە پۆلیس دەربارەی چالاکیەکانی دوو کوڕی خۆی لەگەڵ "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) و ژیانی دەیان خەڵکی لە مەترسیەکی مەزەنەکراو پاراست.

ئەم ژنە کە لە شاری مقدادیە لە پارێزگای دیالە مامۆستایە، لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاردا چوو بۆ بنکەیەکی پۆلیس و خەبەری لە هەردوو کوڕەکەی دا کە وەك خۆکوژ پەیوەندییان بە داعشەوە کردبوو.

قائیمقامی مقدادیە، زەید ئیبراهیم حەداد، بە مەوتنی وت ئەم خانمە "زانیاری دابوو بە هێزە ئەمنیەکان و وتبووی دڵنیایە داعش لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە دوو کوڕەکەی رابکێشێت بۆناو ریزەکانی و لە خۆئامادەکردندا بوون بۆ ئەنجامدانی دوو هێرشی خۆکوژی دژ بە مەدەنیی بێتاوان لە دیالە". بەڵام لەبەر هۆکاری ئەمنی، ناسنامەی ژنەکەی ئاشکرا نەکرد.

وتی کە ژنەکە وێنەی کوڕەکانی دابوو بە بەرپرسان، کە یەکێکیان خوێندکاری ساڵی سێهەمی کۆلێژی پزیشکییە و ئەوی تریشیان خوێندکاری ناوەندییە.

حەداد وتی هەردوو کوڕەکە هەر هێندەی زانییان دایکیان نیازێتی لەلای پۆلیس خەبەریان لێبدات، یەکسەر لە ماڵ هەڵهاتن. هەر زوو دوابەدوای ئەوە، کوڕە گەنجترەەکەیان هەوڵیدا پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو لە چاخانەیەکی میللیدا بتەقێنێتەوە.

حەداد وتی هێزە ئەمنیەکان لەڕێگای وێنە و زانیاریەکانی دایکەکەوە هێرشبەرەکەیان ناسیەوە و توانییان رێگای لێبگرن خۆی بکات بەناو چاخانە قەرەباڵغەکەدا. کوڕە لاوەکە کاتێك دەورەی درا، خۆی تەقاندەوە.

بەرپرسانی ئەمنی هێشتا بەدوای جێگا و چالاکیەکانی کوڕە بەتەمەنەکەدا دەگەڕێن.

ئازایەتی ئەم دایکە ستایشکرا

حەداد وتی: "ئەوەی ژنێك ئەو هەنگاوە بنێت و خەبەر لە دوو کوڕەکەی بدات کە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، حاڵەتێکی ناوازەیە و لەوەبەر روینەدابوو. خۆشەویستی دایکایەتی رێگای لەم خانمە نەگرت بە ئەرکی مرۆیی و ئەخلاقی و نیشتمانی خۆی هەستێت."

وتی ئەم ژنە هەر کە زانیی رەنگە کوڕەکانی کوشتارێك دژ بە خەڵکی بێتاوان ئەنجامبدەن، بڕیاریدا خەبەریان لێبدات و هەڵوێستێکی " قارەمانانە و جێگای شانازی" تۆماربکات.

هەروەها وتی خەڵکی شارەکە ئێستا "زیاتر هاوکاری لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان دەکەن بە خەبەردانی راستەوخۆ لە هەر حاڵەتێكی گومانلێکراو یان هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی گشتی". ئاماژەی بەوەشدا کە لە دەرەنجامی ئەم هاوکاریەدا چەندین کەس گیراون کە دەستیان لە کردەوەی تێرۆریستی و تاوانکاریدا هەبووە.

حەداد داوای لە هێزە ئەمنیەکان کرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی هەواڵگری و بەخێرایی و کارامەیی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو هەواڵانەدا بکەن کە هاوڵاتیان پێیان دەدەن بۆ باشترکردنی باری ئاسایش لە شارەکەدا و رێگا لە هەر هێرشێکی تێرۆریستی بگرن.

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، سادق حوسەینی، بە مەوتنی وت داعش سود لە هەر شێوازێكی بەردەست وەردەگرێت بۆ راکێشانی منداڵانی ئەو خێزانانەی دیالە کە زوو دەکەونە ژێر کاریگەریەوە.

وتی: "ئەم گروپە بەردەوام هەوڵدەدات دەستی بە هەرزەکارەکان و خەڵکی خودی ناوچەکان بگات تا مێشکیان بشواتەوە و هانیان بدات هێرشی خۆکوژانە ئەنجامبدەن."

رێگاگرتن لە داعش بۆ دۆزینەوەی مۆڵگەی نوێ

حوسەینی وتی ئەمەش بەتایبەتی لەئێستادا روودەدات چونکە داعش کێشەی کەمبوونەوەی خۆکوژانی هەیە و بەزەحمەت دەتوانێت ئەندامانی خۆی بگەیەنێتە ناو پارێزگاکەوە، بەهۆی رێوشوێنە ئەمنیە توندەکانەوە.

وتیشی: "ئەوەی جێگای دڵخۆشیە ئەوەیە کە خێزان هەن نیشتمانپەروەرێتی و خۆشەویستی خۆیان بۆ وڵاتەکەیان سەلماندووە پاش ئەوەی راستییان بۆ دەرکەوتووە و خەبەریان لەو منداڵانەی خۆیان داوە کە داعش توانیوێتی رایانبکێشێتە ناو ریزەکانی."

هەروەها وتی: "ئاگادارکردنەوەکانی هاوڵاتیان یارمەتی هێزە ئەمنیەکانی داوە بۆ دۆزینەوەی حەشارگا و مۆڵگە گرنگەکانی تێرۆریستان."

مانگی پێشوو پۆلیسی دیالە بە پشتبەستن بە زانیاری لەلایەن هاوڵاتیانەوە، دەستیانگرت بەسەر عەمبارێکی گەورەی داعشدا لە گوندی بەردیە لە باشوری بەعقوبە کە دوو چاکەتی خۆکوژی و 109 بۆمبی دەسکرد و 28 پارچە تێ ئێن تی یەکجار بەهێزیان تێدا دۆزیەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، خزر موسلیم، بە مەوتنی وت خەبەردانی ئەو ژنە لە دوو کوڕەکەی لە موقدادیە و چەندان خەبەردانی تری لەو جۆرە رەتکردنەوەی ئایدیۆلۆژیا و کردەوەکانی ئەندامانی داعش پیشاندەدات لەلایەن خەڵکەوە.

موسلیم وتی: "دەبێت پشتگیری لە پەیوەندیی نێوان هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنیەکان بکەین بۆئەوەی رێگا لە داعش بگرین لە دۆزینەوەی مۆڵگەی نوێ."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500