هه‌واڵه‌كانی عێراق
میدیا

رۆژنامەوانێکی موسڵ باسی ژیان دەکات لەسایەی دەسەڵاتی داعشدا

نهاد تۆپالیان لە بەیروت

رۆژنامەوانی عێراقی و خەڵکی موسڵ، هیبە نزار، لەوێ بوو کاتێك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستی بەسەر شارەکەدا گرت و بۆ ماوەی ساڵێک مایەوە تا بەنهێنی روماڵی بارودۆخەکە بکات. [نهاد تۆپالیان / مەوتنی]

رۆژنامەوانی عێراقی و خەڵکی موسڵ، هیبە نزار، لەوێ بوو کاتێك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستی بەسەر شارەکەدا گرت و بۆ ماوەی ساڵێک مایەوە تا بەنهێنی روماڵی بارودۆخەکە بکات. [نهاد تۆپالیان / مەوتنی]

رۆژنامەوانی عێراقی، هیبە نزار، لەوێ بوو کاتێك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستی بەسەر موسڵدا گرت و بۆ ماوەی ساڵێک لەوێ بەنهێنی مایەوە تا پاشان لەگەڵ کۆمەڵێك ژن و منداڵ هەڵهات.

لەو ماوەیەی لە موسڵ مایەوە، هیبە نزار ناسنامەیەکی ساختەی بەکارهێنا و توانی زۆر لە تاوانەکانی داعش دژ بە دانیشتوانی شارەکە تۆماربکات.

کاتێك داعش براکەیان گرت و لێپیچینەوەیان لەگەڵ کرد، هیبە هەڵهات و لە سنور پەڕییەوە بەرەو سوریا و لەوێوە بەرەو تورکیا و پاشان گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە عێراق.

هیبە بەسەرهاتی خۆی لە سیمینارێکدا لە 2 حوزەیران گێڕایەوە بە ناونیشانی "موسڵ و دەوڵەتی ئیسلامی: لێرەوە بەرەو کوێ؟" کە لەلایەن ناوەندی کارنیگی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەیروت و زانکۆی ئەمریکی لە دهۆك سازکرابوو.

ئەم خانمە ئەزمونی خۆی بۆ مەوتنی گێڕایەوە لەبارەی ژیان لەژێر سایەی دەسەڵاتی داعش و هەڵهاتنە پڕمەترسیەکەی بە پەڕینەوە لە سنور بەرەو سەلامەتی.

مەوتنی: لەکوێ بوویت کاتێك هێرشی داعش بۆسەر موسڵ دەستیپێکرد؟

هیبە نزار: من لەسەر کارەکەم بووم لە کەناڵی ئاسمانی "سما الموصل" کاتێك ئەم رێکخراوە دڕندەیە هێرشی دەستپێکرد بۆسەر بەشی باشوری شارەکە لە پاشنیوەڕۆی 5 حوزەیرانی ساڵی 2014 --رۆژی پێنجشەممە بوو-- کە تا 8 حوزەیرانی خایاند.

ئەو رۆژە لە بەرەبەیاندا نوسینگەکەم بەجێهێشت. لەگەڵ کاروانێکی ئاوارەکاندا بەرەو ماڵ گەڕامەوە، پاشئەوەی نیقابم پۆشی.

بۆ یەکەم جار ئەندامانی داعشم لە شەقام و کۆڵانەکانی موسڵدا بینی، سەرتاپا چەکداربوون. هەروەها لاشەی پۆلیس و سەرباز و مەدەنیەکانم بینی لەسەر رێگاکان کەوتبوون.

مەوتنی: چەندە لە موسڵ مایتەوە و لەکوێ؟

هیبە نزار: هەر لەو رۆژەوەی داعش لە حوزەیرانی 2014 شارەکەی داگیرکرد، من لە موسڵ مامەوە تا 25 تەمموزی 2015 -- ئەو رۆژەی هەڵهاتم.

لەکاتی هێرشەکەی داعشدا لە ماڵەوە مامەوە لەگەڵ مێرد و سێ منداڵەکەم و دوای ئەوەش بەنهێنی لە شارەکەدا مامەوە و بە پێناسنامەیەکی ساختەوە بەناوی عنود هاتوچۆم دەکرد.

دایکم وای لە خوشك و برا و خزمەکانم تێگەیاند کە من چووم بۆ هەولێر.

هەر جارێك بیبیستایە میدیاکار یان رۆشنبیرێك بکوژرایە، لۆمەی دەکردم کە بۆچی شارەکەم بەجێنەدەهێشت.

مەوتنی: چ جۆرێك لە هەراسانکردنت ئەزمون کرد؟

هیبە نزار: ئەندامانی داعش چەندان جار هەراسانیان کردم.

جارێکیان لە خەستەخانە بووم، چاوەکانم بەدەرەوە بوون کە ئەندامێکی داعش بە حەیزەرانێکەوە پەیدابوو، بەرەوڕووم هات تا لێمبدات.

خێرا چاوەکانم داپۆشی.

جارێکی تر هەمان شتم بەسەرهات لە بازاڕێکدا لەگەڵ کوڕەکەم کاتێك یەکێکیان، کە سعودی بوو، هەوڵیدا تەحەروشم پێ بکات.

جارێکیش لە بازاڕ بووم کاتێك ئەندامێكی داعش لەناکاو لەناوەڕاستی شەقامەکەدا قوتبووەوە و بەسەر کۆمەڵێك ژندا قیژاندی --منیش یەکێکیان بووم-- کە لەسەر شەقامەکە نوێژبکەین.

من خۆم شاردەوە، لەکاتێكدا دەستیانکردە لێدانی یەکێك لە ژنەکان کە لەگەڵ منداڵەکەیدا هاتبوو شیری بۆ بکڕێت.

مەوتنی: بینیت داعش ئازاری خەڵکی تر بدەن؟

هیبە نزار: بەڵێ، زۆر جار.

زۆر کات دەمبینین شەلاقیان لە هاوڵاتیان دەدا لەکاتێکدا بە عەمودەوە دەیانبەستنەوە، لەبەرئەوەی رازینەبوبوون لەو کاتانەدا نوێژ بکەن کە ئەوان دیارییان کردبوو.

کاتێك دەیانویست هاوڵاتیەکی دیاریکراو لەناوبەرن، بانگیاندەکرد بۆ "دادگای شەرعی".

بەکۆمەڵ خەڵکیان دەکوشت و تەرمەکانیان لە کەنارەکانی روباری دیجلە فڕێدەدان، پاشئەوەی ئەندامەکانی لەشیانیان دەردەهێنا تا لە نەخۆشخانەکاندا بیفرۆشن.

هەروەها کاتێك هاتنەناو شارەکەوە، لە مزگەوتەکانەوە بانگی فەرمانبەرانیان دەکرد تا بچن لە "دادگای شەرعی" ناسنامەی تۆبە لەبەردەم جەلادێکدا وەربگرن و تەلەفۆنە مۆبایڵەکانیان لێدەسەندن.

لەو ماوەیەی لەوێ بووم، رۆژانە "فەتوا"یان دەردەکرد بۆ لەناوبردن و کوشتنی هاوڵاتیان.

جارێکیان خەڵکیان لە بینای کۆمپانیای بیمەوە فڕیدایە خوارەوە بەبیانوی ئەوەی کە هاوڕەگەزباز بوون.

هەروەها مەڕوماڵاتی هاوڵاتیانیان داگیردەکرد و لیستێکی زانیارییان دەربارەی هەموو دانیشتوان هەبوو.

مەوتنی: ژیانی رۆژانە چۆن بوو؟ خزمەتگوزاری هەبوو؟

هیبە نزار: پێداویستیە سەرەکیەکان بوونیان نەبوو. نەخۆشی بڵاوبوبووەوە و ئاویش پیس بووبوو.

کچی براکەم --12 ساڵ بوو-- بەهۆی نەخۆشیەکەوە [ کە چارەسەریشی هەبوو] مرد، چونکە دەرمان نەبوو.

تاڕادەیەك هەموو ژوورەکانی نەشتەرگەری داخرابوون بەهۆی نەبوونی کەرەسەی تەندروستیەوە.

لەکاتێکدا قەیرانی خواردن و دەرمان هەبوو، کرێکاران موچەیان وەرنەدەگرت، ئەندامانی داعش بە ئیسراحەت دەژیان.

خوویان گرتبوو بە خواردنەوەی ئەلکهولی و ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن بە دۆلارەوە، لەکاتێکدا خەڵکی موسڵ لەبرساندا دەمردن.

منداڵە هەتیوەکان و ئەوانەشی تازە هەتیو کەوتبوون، دەیانبردن و ناونیشانی ئەمیریان پێدەبەخشین و لەسەر بەکارهێنانی چەك راهێنانیان پێدەکردن.

کاتێك یەکێك لە خێزانە هەوادارەکانیان کەسێکیان لەدەست دەدا کە ناویان لێدەنا "شەهید"، بەرمیلێك نەوتیان بۆ دڵدانەوە بۆ دەناردن.

مەوتنی: تۆ گوتت کە بازرگانی بە دۆلارەوە دەکەن. ئەی ئەو پارەیە چیبوو کە خۆیان دایانهێنا؟

هیبە نزار: ئەوە هەر تەنها لە میدیادا پڕوپاگەندەیان بۆ دەکرد. هاوڵاتیان هەر بە پارەی عێراقی مامەڵەیان دکرد.

مەوتنی: ئەی ئەو کاتەی سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی "خەلافەت" ی راگەیاند؟

هیبە نزار: ئەوە لە هەفتەی یەکەمی مانگی رەمەزاندا بوو. ئێمە چاوەڕێی خوتبەیەکی گرنگمان دەکرد، بەڵام لەناکاو کارەبا و تۆڕی ئینتەرنێت پچڕا.

کاتێك مێردەکەم هاتەوە، وتی بەغدادی "دەوڵەتی ئیسلامی" راگەیاندووە. ئەمجار دەستیکردە داپڵۆسین و راگواستن و کوشتنی مەسیحیەکان و رۆژنامەوانان.

مەوتنی: کەی و چۆن هەڵهاتیت؟

هیبە نزار: پاشئەوەی لە ترسی ئەوەدا دەژیام کە ئاشکرا ببم، چونکە من وەك رۆژنامەوان داواکراوبووم، بڕیارمدا هەڵبێم، بەڵام بڕیارم نەدا کەی.

ئەوەبوو لە 25 حوزەیرانی 2015 بیستم کە بەهۆی منەوە براکەمیان گرتووە و لە لێپێچینەوەدا لێیان داوە. منیش بڕیارمدا یەکسەر دەربازبم. ئەو هێشتا لەلایان دەستبەسەرە.

من بە ناسنامە و ناوێکی ساختەوە لەگەڵ کاروانێکی ژن و منداڵ دا هەڵهاتم.

بە ئۆتۆمبیلێکی شڕ بەڕێگای ناهەمواردا لێماندەخوڕی کە لەسەر رێگا شکا و دوای خستین.

لە موسڵ و بەعاج دەرچووین و گەیشتینە حەسەکە لە سوریا، پاشان لەوێوە بەرەو رەققە و ئەمجار بەڕێگای قاچاخدا بەرەو تورکیا.

من لەهجەکەم لە عێراقیەوە گۆڕی بۆ سوری و وتم مامۆستام و بەدوای دکتۆری چاودا دەگەڕێم.

لە شاخەکان دەپەڕیمەوە و قاچەکانم خوێنیان لێدەهات. لەڕێگا قالۆنچە و شەمشەمەکوێرەم دەهاتەڕێ. تا گەیشتمە سنوری تورکیا و لەوێوە چووم بۆ ئەنقەرە و پاشان گەڕامەوە بۆ هەولێر و لەوێ نیشتەجێبووم.

لە سەفەرەکەمدا لە خاڵێکی پشکنینی داعش راگیرام بۆ لێپێچینەوە، بەڵام رزگارم بوو. لەسەر ڕێگاکە تەرمم دەبینی و لەسەر رێگای خاپوریش هاوڵاتیان رەمیکرابوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500