هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق زیندانەکانی پتەوتردەکات لە ترسی هێرشی داعش

خالید ئەلتائی

پاسەوانانی زیندان لە ناسریەی پایتەختی پارێزگای زیقار لە راهێنانێکدا بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیە ترسناکەکاندا. [خاوەنی وێنە: زیندانی ناوەندیی ناسریە]

پاسەوانانی زیندان لە ناسریەی پایتەختی پارێزگای زیقار لە راهێنانێکدا بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیە ترسناکەکاندا. [خاوەنی وێنە: زیندانی ناوەندیی ناسریە]

حکومەتی عێراق پلانێکی نوێی پەسەندکرد بۆ پتەوکردنی زیندانەکانی وڵات لە رێگای دانانی سیستمێکی ئەلەکترۆنی پێشکەوتوو بۆ بەڕێوەبردن و چاودێری.

بەرپرسان بە مەتنی-یان وت ئەم پلانە بۆ پەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ە بۆسەر زیندانەکان بۆ ئازادکردنی بەرپرسەکان و ئەندامانی.

بەوتەی بەڕێوبەری بەشی چاکسازیی وەزارەتی داد، حسێن خالید ئەلعەسکەری، هەردوو وەزارەتی داد و ناوخۆ پلانێکیان بەناوی "دیواری پتەو" داناوە کە لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا هەموو زیندانەکان و دەزگا چاکسازیەکان سەلامەتتر بکەن.

عەسکەری وتی: "بەسەر هەموو رێوشوێنەکاندا دەچنەوە و مەحکەمکاریەکان و پشتێنەی ئەمنی دەوروبەری دیواری زیندانەکان باشتر دەکرێن."

وتی هەروەها سیستمی مۆدێرن و تەکنۆلۆژیای چاودێریکردن و پشکنین و بەدواداچوون بەکاردەهێنرێت.

وتیشی بەڕێوەبەرێتی چاکسازی لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان پێکەوە کاردەکەن بۆ زامنکردنی سەرکەوتنی ئەم پلانە و "پێشخستنی بەڕێوەبردنی زیندانەکان بەمەستی پتەوکردنی سەلامەتی و ئاسایشی ئەم دەزگا گرنگانە".

عەسکەری وتی: "لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا، دەستدەکرێتە جێبەجێکردنی پرۆژەی دیواری پتەو لە هەموو دەزگاکانی چاکسازیدا بۆ پشتگیریکردن لە سیستمی سەلامەتی تیایاندا و باشترکردنی هەوڵی پاراستنیان."

سیستەمی چاودێری ئەلەکترۆنی

بەپێی ئەم پلانە نوێیە، سیستەمی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی بۆ پاسەوانیکردنی زیندانەکان و بەڕێوەبردنیان جێگای ئەو رێوشوێنە تەقلیدیانە دەگرێتەوە کە ئێستا دەگیرێنەبەر و بە ئەندازەیەکی زۆر پشت بە چاودێری لەلایەن مرۆڤەوە دەبەستن، ئەمەش بەوتەی یاریدەدەری پارێزگاری بەغدا، جاسم بوخاتی.

بوخاتی بە مەوتنی وت: "لەمەولا زیاتر پشت بە تەکنیك دەبەسترێت لە رێگای خستنەگەڕی کامێرای چاودێریی پێشکەوتوو، کارگێڕیی ئەلەکترۆنی و تەکنۆلۆژیای کۆنترۆڵکردن لە دەروازە و دیوار و بورجەکانی دیدەبانی زیندانەکاندا.

هەروەها وتی ئەم پلانە نوێیە " بە هەماهەنگی لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤدا" داڕێژراوە.

وتیشی: "کارگێڕیی ژیر لە زیندان و دەزگاکانی چاکسازیدا جۆرایەتی و ئاستی کارامەیی لە جێبەجێکردنی ئەرکە پیشەییەکاندا بەرزدەکاتەوە و گەندەڵی و ناکارامەیی و پشتگوێخستنی ئەرکەکان ناهێڵێت.

بوخاتی وتی ناکارامەیی و پشتگوێخستن هۆی سەرەکی بوون لە هەڵهاتنی بەکۆمەڵی زیندانیاندا، هەروەك لە بەغدا، ناسریە، بەسرە و موسڵ روویدا.

لە 21 تەمموزی 2013 دا رێکخراوی قاعدە هێرشێکی گەورەی کردە سەر زیندانی ناوەندی لە بەغدا (پێشتر ئەبو غرێب) و تاجی (زیندانی حوت) بە ئۆتۆمبیل و پشتێنی بۆمبڕێژکراو و هاوەن.

لەم هێرشانەدا نزیکەی 600 زیندانی لە هەردوو زیندانەکە هەڵهاتن، زۆربەیان توندڕەوی ترسناك بوون. ئەمەش یەکێك بوو لە گەورەترین هەڵهاتنە بەکۆمەڵەکان لە عێراق.

هەڵهاتن شتێکی 'چاوەڕواننەکارەوە'

بوخاتی وتی دووبارەبوونەوەی هەڵهاتنی بەکۆمەڵی وەك ئەوانە هیچ چاوەڕوان ناکرێت، بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی رێوشوێنە ئەمنیەکان لەدەوری زیندانەکان.

بەڵام وتی بەهەرحاڵ " ئێمە لە شەڕێکی گەورەداین لەگەڵ تێرۆرزیم و دەبێت زۆر وریابین چونکە دوژمن هەمیشە پەنا بۆ خافڵگیرکردن دەبات، بۆیە وریایی لە هەموو کاتێکدا پێویستە".

بوخاتی پێشوازی لەم پلانە کرد بۆ پتەوکردنی زیندانەکان و وتی یارمەتییان دەدات هەر هەوڵێکی تێرۆریستی بۆ "هەڕەشەکردن لە سەلامەتی زیندانەکان و دەربازکردنی زیندانیان" پوچەڵبکەنەوە.

شارەزای بواری ئەمنی و بەرپرسێکی پێشوو لە وەزارەتی ناوخۆ، جاسم حەنون، وتی ئەو شکستانەی لە عێراق بەسەر داعش هاتووە، دەتوانێت پاڵ بەم گروپەوە بنێت بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکان.

حەنون بە مەوتنی وت: "ئەم رێکخراوە فەرماندی باڵای لەدەستداوە و رۆژانە ژمارەی چەکداران و خۆکوژەکانی کەمدەبێتەوە."

وتی لەبەر ئەوە دەشێت داعش پەنابەرێتەوە بەر هێرشکردنە سەر زیندانەکان بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو کورتهێنانە و ئیدیعای ئەوەش بکات کە هێشتا دەتوانێت دەستکەوت بەدەستبهێنێت.

وتیشی رەزامەندی پیشاندان لەسەر ئەم پلانە نوێیە بۆ پاراستنی زیندانەکان لە هێرش لەڕێگای بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوەوە، " هەنگاوێکە بە ئاراستەی راستدا و سیستمێکی بەرپەرچدانەوەی خێرا دادەمەزرێنێت بۆ پوچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی تێرۆریستی".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500