هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پێشمەرگە لە دەشتی نەینەوا داعش تێکدەشکێنێت

خالید ئەلتائی

هێزەکانی عێراقی بەرەو باشوری موسڵ دەکشێن بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ دەرپەڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراقی بەرەو باشوری موسڵ دەکشێن بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ دەرپەڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی خافڵگیرانەدا، هێزەکانی پێشمەرگە گورزێکی توندیان لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) وەشاند و لە نۆ گوندی رۆژهەڵاتی موسڵ دەریانپەڕاندن و خۆیان لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکە جێگیرکرد.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی لقی موسڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، غەیاس سورچی، وتی: "هێزەکانی پيشمەرگە ئێستا نۆ گوندیان لەژێردەستدایە لە شارۆچکەکانی نەمرود و بەرتەلە لە میحوەری رۆژهەڵاتی موسڵ کە بە خازەر ناسراوە."

سورچی بە مەوتنی وت گوندەکانی موفتی، زەهرەت خاتون ئەلکوبرا، زەهرەت خاتون ئەلسوغرا، تەل ئەسوەد، وەردەك، کەزکان، تەرجیلە، توڵبەند و جامەکور کە هەموویان کەوتونەتە دەشتی نەینەوا، سەرەتای مانگی حوزەیران ئازادکران.

وتیشی: "ئەم گوندانە دوای هێرشێکی لەناکاو لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە ئازادکران کە زیانی قورسیان بە ریزەکانی داعش گەیاند."

هەروەها وتی: "سەدان تێرۆریست کوژران یان بریندارکران،" لەوانە 10 کەسیان ئامادەی خۆکوژی بوون بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو و 20 کەسیشیان بەدیل گیران.

سورچی وتی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا شەش سەرباز کوژران و پێنجیش برینداربوون.

وتیشی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان "پشتگیریەکی زۆرباشیان لێکردین و یارمەتیان داین پێشڕەوی بکەین، سەرەڕای ئەوەی هەندێكجار شەڕ لەگەڵ دوژمن لەدووری چەند سەد مەترێك دەکرا."

هەروەها وتی هێزە کوردیەکان بەم سەرکەوتنە ستراتیجیەوە ناوەستن، بەڵکو "بەردەوامدەبن تا هەموو ناوچەکانی ژێردەستی چەکداران رزگاردەکەن".

'راگرتن و پاراستنی ناوچەکان'

ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، داود ئەلجوندی، وتی هێزە کوردیەکان "زۆر بەباشی ناوچە ئازادکراوەکان دەپارێزن و لەئامادەباشیدان بۆ هەر هێرشێکی سەربازی تریش لە بەرەی رۆژهەڵاتی موسڵەوە".

جوندی بە مەوتنی وت: "ئەم دوایین ئۆپەراسیۆنە رێگای بە پێشمەرگە دا تەرکیز بخەنەسەر ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ و ئێستا تەنها 60 کیلۆمەتر لە شارەکە دوورن."

وتی: "دوژمن زیانی قورسی گیانی و کەلوپەلیشی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لێکەوت و باشترین چەکدارەکانی لەدەستدا. ئەمە جگە لەوەی چەندین ئۆتۆمبیلی جەنگی تێکشکێنران و دەست بەسەر چەك و تەقەمەنییەکی زۆردا گیرا."

وتیشی: "هەندێك لە بەرەکان شەڕی سەخت و بەرەنگاریی توندوتیژیان بەخۆوە بینی. بەڵام لە هەندێك بەرەی تردا تێرۆریستەکان تەنها خۆکوژەکانیان دەناردە ناو شەڕەکەوە و خۆیان لە بەرەی شەڕ هەڵدەهاتن بەرەو موسڵ."

بەرپرسی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، سەعد مەموزینی، وتی: "ئەم سەرکەوتنەی پێشمەرگە زۆر گرنگ بوو، هێرشەکەیان بۆسەر مۆڵگەی تێرۆریستان بەخێرایی و بەبەکارهێنانی تاکتیکی خافڵگیرانە ئەنجامدا."

مەموزینی بە مەوتنی وت نزیکەی 5,500 پێشمەرگە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد و دەوروبەری 120 کیلۆمەتری دوجایان لەنزیکی ئەو رێگایە رزگارکرد کە هەولێر و موسڵ بەیەکدەگەیەنێت.

هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو موسڵ پێشڕەوی دەکەن

مەموزینی وتی: "ئازادکردنی ئەو گوندانە زۆر نزیکیکردینەوە لە موسڵ." ئاماژەی بەوەش دا کە شارۆچکەی قەرەقۆش، کە 30 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی موسڵەوە دووە، ئێستا لە مەودای تۆپخانەکانی پێشمەرگەدایە."

قەرەقۆش ماوەی دوو ساڵە لەژێردەستی داعشدایە.

مەموزینی وتیشی: "بەلایەنی کەمەوە 200 تێرۆریستی داعش لە شەڕەکانی بەرەی خازەردا کوژران، تیایاندا چەند بەرپرسێکی رێکخراوەکە." هەروەها وتی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن لە پێشڕەویدا بۆ گرتنەوەی شارۆچکە و گوندەکانی دەشتی نەینەوا.

وەزارەتی بەرگری عێراق رۆژی 13 حوزەیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە یەکەی سەربازیی نوێ گەیشتوونەتە سەربازگەیەکی سوپای عێراقی لە مەخمور، لە باشوری موسڵ.

بەگوێرەی ئەم بەیاننامەیە "یەکەکانی فیرقەی نۆی زریپۆش لە بەغداوە بەڕێکەوتوون بەرەو نەینەوا" و وەزیری بەرگری خالید ئەلعوبەیدی لەگەڵیاندایە "بۆ بەرزکردنەوەی ورەی شەڕکردنی" سەربازەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500