هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

رزگاربووانی فەلوجە باسی ستەمکاری داعش دەکەن

عەلاء حەسەن / بەغدا

هێزەکانی عێراق یارمەتی دانیشتوانی دەربازبووی فەلوجە دەدەن. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکان]

هێزەکانی عێراق یارمەتی دانیشتوانی دەربازبووی فەلوجە دەدەن. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکان]

ئیسماعیل حەمید حەسەن یەکێکە لە هەزاران دانیشتوی فەلوجە کە توانیویانە لە چنگی"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەربازببن.

ئەم پیاوە خۆی و خێزانەکەی توانیویانە بگەنە کەمپێکی ئاوارەکان بەناوی دورگەی کەرمە لە باکوری فەلوجە، پاشئەوەی لە شارەکەیان هەڵهاتن. باسی بارۆدۆخی ناو فەلوجەی بۆ مەوتنی گێڕایەوە کە لە کانوونی دووەمی ساڵی 2014 وە لەژێردەستی داعشدایە.

وتی: "لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بەدەست برسێتیەوە دەمانناڵاند و داعش رێگای نەدەدا خواردن و دەرمانمان پێبگات."

وتی ئەم گروپە لەناو شارەکەدا خواردنی وەك کارتێکی فشار بەکاردەهێنا و بە خێزانەکانی نەدەدا ئەگەر کوڕەکانیان نەناردایەتە ناو ریزەکانیانەوە.

ئیسماعیل حەسەن بە روخساری زەردهەڵگەڕاو و جلە شڕەکانیەوە وتی: "لەناو زیندانێکی گەورەدا بووین و هەرکەس هەوڵی دەربازبوونی بدایە، دەکوژرا."

هەروەها وتی لە هەوڵدانیاندا بۆ رێگاگرتن لە دانیشتوانەکە لە هەڵهاتن، چەکدارانی داعش لەسەر هێڵەکانی بەرامبەر سوپای عێراقی بڵاوبوبوونەوە و " لەوە نەدەسڵەمینەوە هەر مەدەنییەک بکوژن کە هەوڵی دەربازبوون بدات لە فەلوجە".

ئەفسەرێکی حەشدی شەعبی، شێخ سەباح عەبدولحەمید، کە سەرپەرشتی کەمپەکە دەکات، وتی: "بارودۆخی خراپی تەندروستی و دەرونی ئاوارەکانی فەلوجە سەریسوڕماندین."

عەبدولحەمید بە مەوتنی وت زۆربەیان، بە منداڵەکانیشەوە، توشی وشکهەڵاتن بوبوون و بەئاشکرا دیاربوو توشی کێشەی دەرونی بوبوون بە هۆی ئەوەی بەسەریان هاتووە.

وتی: "بەسەڵتی هەڵهاتوون و ماڵ و ئۆتۆمبیلەکانیان بەجێهێشتووە."

هەروەها وتی: "هەندێکیان تەنانەت بە پێی پەتی و جلی شڕەوە گەیشتوونەتە ئێرە. هەندێکیان تەنانەت دینارێکیش لە گیرفانیدا نەبوو، دیاربوو ئامادەبوون قوربانی بە هەر شتێك بدەن بۆ دەربازبوونیان لە دەستی ئەم رێکخراوە تێرۆریستیە."

دانیشتوانی فەلوجە لەژێر فشاردان

عەبدولحەمید وتی ئەو دانیشتوانەی فەلوجە کە رازینەبوون لەپاڵ داعشدا شەڕبکەن، بەردەوام لەلایەن ئەم گروپەوە هەراساندەکران.

وتی لە سەرەتاییترین مافیشیان بێبەش کرابوون، لەوانە مافی خوارد و دەرمان.

وتی هەندێك خێزان ناچارکراون بە خواردنی ئالیکی ئاژەڵ و هەندێکیش نەیانتوانیوە هەر هیچ خواردنێكیان دەستبکەوێت، لەکاتێکدا خێزانی چەکدارانی داعش ژیانێکی تاڕادەیەك رەفاهیەتیان دەبردەسەر.

هەروەها وتی مامەڵەی ئەم گروپە لەگەڵ مەدەنیەکان پەیوەستە بە ئاستی وەفادارییانەوە بۆی.

وتیشی کاتێك شەڕی ئازادکردنی فەلوجە دەستیپێکرد، داعش تەنها رێگای بە خێزانی چەکدارەکانی خۆی دا بە بەلەم لە روبارەکە بپەڕنەوە بەرەو عامریەی فەلوجە و یەکسەر رێگاکەیان داخست و دەستیانکرد بە کوشتنی هەر کەسێك هەوڵی دەربازبوون بدات.

قایمقامی فەلوجە، عیسا ئەلعیساوی، بە مەوتنی وت کە رۆژی 10 حوزەیران چەکدارانی داعش تەقەیان لە گروپێك مەدەنی کرد کە دەیانویست لە شارەکە هەڵبێن و حەوت کەسیان لێ کوشتن و 16-شیان بریندار کرد.

عیساوی وتی لاشەی قوربانیەکان، کە لەسەر دووڕیانی سەلام کوژران، لە ناوچەی موحەڕەمەدا مانەوە، لەکاتێکدا ژمارەیەك لە بریندارەکان توانییان خۆیان بگەیەننە هێزە عێراقیەکان و ئەوانیش گەیاندنیانە نەخۆشخانەیەکی سەربازی بۆ چارەسەر.

مەدەنیەکان وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنرێن

لە راگەیەندراوێکدا رۆژی 27 ئایار، وتەبێژی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، مێلیسا فلێمینگ، وتی "چەندان راپۆرتی کاریگەر ئەوە پیشاندەدەن کە ژمارەی کوشتنی ئەو پیاو و کوڕە باڵغانە لە بەرزبوونەوەدایە کە رازینابن لەپاڵ داعشدا شەڕبکەن".

ئەم خانمە وتی: "راپۆرتی تر دەڵێن ژمارەیەك لەو خەڵکەی هەوڵی بەجێهێشتنی [فەلوجە] یان داوە کوژراون یان بە قامچی لێیاندراوە."

ئەو مەدەنیانەی هەوڵی دەربازبوونیان لە شارەکە داوە، دەڵێن کە دەبوو بۆ چەندان کاتژمێر بەپێ بەشەو بڕۆن و بەناو کێڵگەکاندا تێپەڕن و خۆیان لەناو بۆری ئاودێریدا بشارنەوە.

ئەندامێکی کۆمیسیاری باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، فازیڵ ئەلغەراوی، وتی مەزەنەدەکرێت 15,000 مەدەنی توانیبێتیان لە فەلوجە دەربازبن.

غەراوی بە مەوتنی وت زۆربەیان خەڵکی ناوچەکانی ئەلسەجر و کەرمەن، لەکاتێکدا نزیکەی 50,000 کەس لە شارەکەدا گیریانخواردووە.

وتی: "زۆربەی ئاوارەکانی شارەکە لە بارودۆخێکی خراپی تەندروستی و دەرونیدان بەهۆی کردەوە دڕندانەکانی داعشەوە لەدژیان، پێشئەوەی لە شارەکە هەڵبێن."

وتیشی داعش مەدەنیەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت، بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی جۆلان و موعەلیمین.

هەروەها وتی سوپای عێراقی هەوڵیداوە لەم ناوچانە خۆی لە شەڕ لەگەڵ داعش لابدات لەترسی ژیانی دانیشتوانە مەدەنیەکەیان و ناچاربووە لە گەڕەکی ئەلشوهەداوە بچێتەناو شارەکەوە، سەرباری سەختیەکانیش لەم قۆڵەوە.

ئاماژەشی بەوە دا کە ئێستا ژیان لەناو فەلوجەدا بەتەواوی راوەستاوە.

وتی نە کارەبا هەیە و نە ئاوی خواردنەوە، داعشیش خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی راگرتووە و بەکارهێنانی تەلەفۆنی مۆبایلی قەدەغەکردووە.

وتی جگە لەمانەش، داعش بەمدواییانە منداڵانی لە شارەکەدا بە سەربازگرتووە و ناردوونی تا شەڕی بۆ بکەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

سه‌ركه‌وتن بۆ سوپای عێراق و ئاشتی و ئارامیش بۆ خه‌ڵكی عێراق، ئینشه‌ڵا.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌