هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

بەغدا سیستمی موختار زیندوودەکاتەوە بۆ باشترکردنی باری ئاسایش

خالید ئەلتائی

ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق چاودێری خاڵێکی پشکنین دەکات لە بەغدا. [خاوەنی وێنە: فەرەماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا]

ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق چاودێری خاڵێکی پشکنین دەکات لە بەغدا. [خاوەنی وێنە: فەرەماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا]

حکومەتی ناوخۆی بەغدا رۆژی سێشەممە (7 حوزەیران) رایگەیاند کە دەستدەکاتەوە بە کارکردن بە سیستمی موختار لە پایتەخت بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاسایش دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

بە وتەی بەرپرسانی عێراق، موختارەکان کە بریتین لە سەرۆکی گوند و گەڕەکەکان، بەرپرسیاردەبن لە هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان دا بۆ چاودێریکردنی چالاکی و خەڵکی گومانلێکراو لە ناوچەکانیاندا.

جێگری پارێزگاری بەغدا، جاسم بوخاتی، وتی: "سیستمی موختار سیستمێکی ئەمنی ناوخۆیی نەریتییە. وەك دەزانرێت موختار کەسایەتیەکی باڵایە کە خەڵکی گەڕەکەکە دەناسێت و هەموو دانیشتوانەکەش دەیناسن."

بوخاتی بە مەوتینی وت: "بە ڕەچاوکردنی ئەو رۆڵە کاریگەرەی ئەم کەسایەتییانە دەتوانن بیبینن، بڕیارماندا دیسان بەکاریانبهێنین."

وتی موختار بە حوکمی ئەو پەیوەندییە بەرفراوانەی لەگەڵ دانیشتواندا هەیەتی، دەتوانێت چاودێری هەر بێگانەیەك بکات کە دێتە ناوچەکەیەوە و دەتوانێت بە دوای ناونیشان و جێگای دانیشتنیاندا بچێت و دەشتوانێت چاودێری هەر چالاکییەکی گومانلێکراو بکات.

هەروەها وتی: " لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە زۆربەی تەقینەوەکان لە پایتەخت، وەك ئەوانەی ئەم دواییە لە بەغداد ئەلجەدیدە و مەدینە سەدر، لە لایەن کەسانێکەوە ئەنجامدراون کە لە دەرەوەی ئەم ناوچانەوە هاتبوون و لەوێ خانو یان شوقەیان گرتبوو تا پلان بۆ هێرشە تێرۆریستیەکانیان دابنێن و لەوێوە بەڕێوەیبەرن."

وتیشی موختارەکان دەتوانن بە دوای ئەو خانوانەدا بچن کە بە نایاسایی بەکرێدراون و لە ڕێگای ناسینی دانیشتوانە نوێکانیانەوە زانیاری دەربارەی شوێنی هاتنیان بەدەستبهێنن و ئەو زانیارییانە بە هێزە ئەمنیەکان ببەخشن.

بوخاتی وتی تا ئێستا حکومەتی بەغدا 400 کەسایەتی لە گەڕەکەکاندا وەك موختار خستۆتەگەڕ کە بەپێی توانایی و دەسپاکی و ناوبانگیان هەڵبژێردراون.

وتی ئەمەش وەك قۆناغی یەکەم بۆ تاقیکردنەوەیە و موختاری زۆرتر پێویستە بۆ بەغدا کە پێکهاتووە لە 37 یەکەی ئیداری و ئەمانەش دابەشبوون بەسەر شارۆچکە و گەڕەکی پچوکتردا کە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس لەخۆدەگرن.

رێوشوێنی ئەمنی زیاتر

بوخاری وتی زیندوکردنەوەی سیستمی موختار بەشێکە لە کۆمەڵێک پڕۆژەی تر بۆ باشترکردنی باری ئەمنی و سەقامگیری لە پایتەخت دا.

وتیشی حکومەتی ناوخۆیی خەریکی دانانی 23,000 کامێرای چاودێری نوێیە لە شەقام و گەڕەکەکانی پایتەختدا و هەروەها دەرکردنی کارتی ناسنامەی نیشتمانی ئەلیکترۆنی سەرتاسەری.

وتی پڕۆژەیەکی تریش لەئارادایە بە ناوی "هەڵۆی بەغدا" بۆ تۆمارکردنی هەموو ئۆتۆمبیلەکان لە لیستێکی داتابەیسی ئەمنیدا.

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی سەربە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، سەعد ئەلمەتڵەبی، وتی سەرۆك گەڕەکەکان رۆڵی ئەڵقەیەك دەبینن لەنێوان دانیشتوان و دەزگا ئەمنییەکاندا و هەروەها وەك سەرچاوەیەکی هەواڵگری کە دەتوانێت چاودێریی چالاکییە گومانلێکراوەکان بکات و زانیاری گرنگ بخاتەبەردەست.

مەتڵەبی وتی زیندوکردنەوەی سیستمی موختار "ماوەیەکی زۆر بوو یەکێك بوو لە داواکارییەکانی ئەنجومەنەکەمان بە هۆی گرنگیەکەیەوە کە بەشێوەیەکی گشتی کاریگەرییەکی باشی بۆسەر باری ئەمنی بەغدا دەبێت."

مەتڵەبی جەختیشی لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی "دیواری بەغدا" کردەوە.

وتیشی مەبەستی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە "هەشت دەروازەی سەرەکی بەدەوری پایتەختدا بونیاتبنرێت و کامێرا و ئامێری ئاشکراکردنی تەقەمەنییان لەسەر دابنرێت. هەروەها بەربەستی کۆنکرێتی دابنرێت کە بە ئامێری چاودێریی هەستیار پتەوکرابن."

وتی: "بەغدا بە حەوت ناوچە دەورەدراوە کە هەموویان ناوچەی کشتوکاڵین و مۆڵگەیەکی سەلامەت بۆ تێرۆریستان پێکدەهێنن."

هەروەها وتی: "پڕۆژەی ئەم دیوارە 300 کیلۆمەتریە سنورەکانی پایتەخت لە هەموو لایەکەوە سەلامەتتر دەکات و رێگا لە تێرۆریستان دەگرێت هەڕەشە لە ژیانی خەڵك و ماڵ و سامانیان بکەن."

راوێژکاری ئەمنی، فازڵ ئەبو رەغیف، سیستمی موختاری وەك "هەنگاوێك بە ئاراستەی دروست" پێناسەکرد.

ئەبو رەغیف وتی موختارەکان بەشێکی گرنگی سیستمی ئاسایشن، چونکە دەتوانن زانیاری دەربارەی دانیشتوانە تازە هاتووەکان بدەن بە دەزگا ئەمنییەکان.

وتیشی: "ئەم رێوشوێنانە یارمەتی هێزە ئەمنییەکان دەدەن لانەی یاخیبووەکان بدۆزنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی هەوڵدەدەن دزەبکەنە ناو خێزانە ئاوارەکان و لە گەڕەکەکانەوە کردە تێرۆریستیەکانیان ئەنجامبدەن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

هه‌وڵده‌دات له‌ كوردستان بچێت.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌