شاری بەعقوبە بڵاوبوونەوەیەکی لەناکاوی هێزی پۆلیس بەخۆیەوە دەبینێت، وەك بەشێك لە پلانێکی ئەمنی نوێ بۆ پاراستنی دانیشتوان لە هێرشەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).
بە وتەی بەرپرسان، هێزەکانی پۆلیس لە دەروازەکان و جێگا گرنگەکانی بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە بڵاوەدەکەن و خاڵی پشکنین لەسەر رێگاکانی دەرەوەی شارەکە دادەنێن.
قایمقامی بەعقوبە، عەبدوڵڵا ئەلحەیالی، بە مەوتینی وت ئەم پلانە "گەورەترینی پلانی لەم جۆرەیە لە شارەکەدا لەم چەند ساڵەی دواییدا".
حەیالی وتی: "هێزەکانی پۆلیس ئەم پلانەیان جێبەجێکرد دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش بۆ سەر شارەکە."
داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی بە ئۆتۆمبیل لە 9 ئایار لە گوندی شفتە لە بەعقوبە راگەیاند کە لانیکەم 10 کەسی کوشت و 35 کەسیشی بریندار کرد، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
پتەوکردنی ئاسایشی بەعقوبە
حەیالی وتی وەزارەتی ناوخۆ دوو یەکەی پۆلیسی لە پارێزگای واسیتەوە ناردووە بۆ پتەوکردنی ئاسایشی بەعقوبە، کە چەکی مۆدێرن و ئۆتۆمبیلی زریپۆشیان پێیە و راهێنانیان لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی وەرگرتووە.
وتیشی: "بەشيك لە پلانەکە پێکهێنانی پشتێنەیەکی ئەمنی تەنگە بەدەوری شارەکەدا لەگەڵ دانانی خاڵی پشکنینی جێگیر لە دەروازەکاندا و لەسەر ئەو رێگا دەرەکیانەی دەچنەوە سەر ناوەڕاستی شار و گەڕەکەکانی دەوروبەری."
هەروەها وتی دەوریەی ئاسایش دەردەچێت بۆ چاودێری و دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش و ئەوانەی گومانی دزەکردنیان لێدەکرێت بۆ ناو شارەکە و هێرشکردنە سەر حەشارگاکانیشیان.
وتی: "هەروەها رێوشوێنی توند دەگیرێتەبەر لەگەڵ هەر کەسێك دا کە بێ مۆڵەت چەك هەڵبگرێت."
حەیالی وتیشی: "پلانەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام هێشتا زووە بۆ راگەیاندنی هەر ئەنجامێك. هێزە ئەمنیەکان بەوپەڕی لێهاتوویی و پیشەیی یاسا و ئارامی دەسەپێنن و باری ئاسایش لە بەعقوبەدا سەقامگیرە و ژیانی ئاسایی بەرقەرارە."
وتی خەڵكی بەعقوبە پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ئەم رێوشوێنە ئەمنیە نوێیانە پیشانداوە و زانیارییان دەربارەی کەسان و چالاکی گومانلێکراو لەشارەکەدا داوە بە هێزە ئەمنییەکان.
دانیشتوان پشتگیری لە پلانە نوێکە دەکەن
دانیشتویەکی گەڕەکی موعەلیمین لە بەعقوبە بە ناوی محەمەد ئەلمەعموری وتی: " ئێمە روبەڕووی دوژمنێکی فێڵباز و خوێنڕێژ بووینەتەوە کە خەڵکی بێتاوان دەکاتە ئامانج، بەڵام لەسەر دەستی هێزە جەربەزەکانمان و پشتگیری ئێمە تێکدەشکێت."
مەعموری بە مەوتینی وت دانیشتوان پشتگیری لە پلانە ئەمنیە نوێکە دەکەن و بەیەکگرتوویی بەگژ تێرۆریزمدا دەچنەوە.
وتیشی: "تێرۆریستەکان لە هەموو کاتێك زیاتر نزیكبوونەتەوە لە دۆڕاندان و لەناوچوون."
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی سەر بە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، سادق ئەلحوسەینی، وتی زیادبوونی هێرشەکان لەم پارێزگایەدا "ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ پوکانەوەی تواناکانی تێرۆریستان".
حوسەینی بە مەوتینی وت: "دوای زنجیرەیەک تێکشکانی داعش لەسەر دەستی هێزە ئەمنیەکانمان و حەشدی شەعبی، گەڕاونەتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ترسنۆکانە بە ئۆتۆمبیل و پشتێنی بۆمبڕێژکراو لە گەڕەك و بازاڕ و جێگا گشتیەکاندا."
وتی: "ئەم هێرشانە بەتایبەتی ئەو شارانەی پارێزگاکەیان کردۆتە ئامانج کە ناسراون بە جۆراوجۆری دانیشتوانەکەی و بەوەی کە پڕن لە ژیان، وەك بەعقوبە، خاڵس، میقدادیە و بەلەد روز. ئەمەش لە هەوڵێکی نائومێدانەدا بۆ لێکترازانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لەم ناوچانەدا و هاندانی خەڵک دژ بە هێزە ئەمنیەکان تا ئاژاوە بنێنەوە."
بەئامانجگرتنی بنکە و شانەکانی داعش
حوسەینی وتی ئەم پلانە نوێیە شانە تێرۆریستیەکان دەکاتە ئامانج بۆ هەڵوەشانەوەی هێرشەکانیان و ئاماژەی بەوەش دا کە " هێزە ئەمنیەکان هەوڵێکی بێوێنە دەدەن لە پارێزگاکەدا".
هەروەها وتی: "ئەمساڵ تا ئێستا توانیویانە حەوت کەمپی داعش لە باکوری میقدادیە و باشوری بەلەد روز وێرانبکەن کە داعش کردبوونیە بنکەیەك بۆ جێبەجێکردنی کردە تێرۆریستیەکان."
شارەزای بواری ستراتیجی و ئەفسەری سوپای پێشوو، ئەحمەد ئەلشەریفی، وتی داعش تەرکیزی کردۆتە سەر دیالە لەبەر گرنگیە جوگرافیەکەی و کۆمەڵگا فرەنەژادییەکەی.
هەر بۆیەش، وەک شەریفی وتی، پێوویست بە رێوشوێنی ئەمنی زیاتر هەیە لەم پارێزگایەدا "تاکو چەکدارەکان هیج بوارێکیان بۆ نەمێنێتەوە تا هەڕەشە لە ئاسایشی دانیشتوانەکەی بکەن و سوود لە بۆشاییە [ئەمنیەکان] وەربگرن بۆ ئەنجامدانی چالاکیە تێرۆریستیەکانیان".